دەریای مردوو (بە عەرەبی: البحر الميت، بە زمانی عیبری: יָם הַמֶּלַח)، کە ھەروەھا بە دەریای خوێ -ش ناسرواە، دەریاچەیەکە لەنێوان ئوردون و ئیسرائیلدا ھەڵکەوتووە. ڕووی ئەم دەریاچەیە و کەنارەکانی ٤٢٢ مەتر لە ئاستی دەریا نزمترن و بەم بۆنەوە وەکوو نەویترین وشکانییەکانی ڕووی زەوی دێنە ئەژمار. دەریای مردوو ٣٧٨ مەتر قووڵە و بە ٣٣،٧% سوێرییەوە سوێرترین کۆمای ئاوییە لە جیھاندا. ئاوەکەی ئەوەندە سوێرە کە ژیان تێیدا بۆ زۆربەی گیانداران ئەستەم و دەستنەداوە، ھەر بۆیە بە "مردوو" ناو نراوە. ئەڵبەت بەتەواوی مردوو نییە، جۆرە باکتریاگەلێک ھەن کە دەتوانن لەو ئاوەدا بژین. ھەروەھا سوێریی ئاوەکە وای لێ دەکا لە ئاوی تازە قورستر بێ و مرۆڤ بەئاسانی و بەبێ ھەوڵی زۆر بتوانێ بەسەر ئاوەکەدا پاڵ کەوێ. ئەم تایبەتمەندییەی ھەر ساڵە گەشتیاران لە سەرانسەری جیھانەوە بۆ سەیرانی دەریای مردوو ڕادەکێشێ.