تاوەری خەلیفە بن زاید بەبەرزترین تاوەر دادەنرێ لەسەر ڕووی زەوی کە بەرزییەکەی دەگاتە ٨٢٨ مەتر خۆی لە ١٦٠ نھۆم دەگرێ و ٣٣٠ مەتر چوار گۆشەی تاوەرەکە لە کۆنکرێتەوە ٣١٤٠٠ تۆن مەتریشی لە پۆلا پێکھاتووە و ٥٧ پەیژەی کارەبای ھەیە، تاوەرەکە زیاد لە ١٠٠٠ یەکەی نیشتەجێ بوون لە خۆ دەگرێ و ٤٩ نھۆمی تایبەتە بە نووسینگە و ھوتێل و نھۆمەکانی سەرەوەش تایبەتن بە شوێنی بەستنی کۆبوونەوە گەورە و فەرمییەکان.
تاوەری خەلیفە بن زاید لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٤ کاری چاڵ ھەڵکەندنی بۆ ئەنجام دراو لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٩دا کۆتایی ھات بە داپۆشینی ڕووی دەرەوەی و لە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ بە فەرمی کرایەوە، کۆی خەرجی تێچووی تاوەرەکە یەک ملیار دۆلاری ئەمەریکی بووە و ژمارەی ئەو کرێکارانەی کاریان لە پرۆژەکەدا کرد لە ماوەی ٦ ساڵدا ١٢ ھەزار کرێکار بوون.
تاوەرەکە ئێستا بە بەرزترین تاوەری جیھان دادەنرێ کە پێشتر تاوەری تایپێی تایوانی بوو کە بەرزییەکەی ٥٠٨ مەتر بوو لە ڕووی لایەنی سیاسیشەوە تاوەرەکە گرنگییەکی تایبەتی ھەیە کە پێشتر ئەو تاوەرە ناوی دوبەی لێنرابوو بەڵام شێخ محەمەد ڕاشد ئال مەکتووم حاکمی دوبەی ناوەکەی بۆ خەلیفە بن زاید گۆڕی کە ناوبراو سەرۆکی وڵاتە و پێشتر وا باس دەکرا کە ھەردوولا ناکۆکیان ھەیە، بەڵام ئال مەکتوم بەھۆی لێھاتوویی لە بەڕێوەبردنی کاری سیاسی و پەیوەندییەکان توانی کۆتایی بەو ناکۆکی و ململانێیانە بێنێ کە لە نێوان ھەردوولا بوونی ھەبوو.
تاوەرەکە لە دووری ٩٥ کیلۆمەتر بە چاوی مرۆڤ دەبینرێ و بە شارێکی ستوونی لە قەڵەم دەدرێ و جیاوازی پلەی گەرما لە نھۆمی یەکەم بۆ نھۆمی ١٦٠ ، ٨ پلەیە.